بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند کە بەبۆنەی ھاتنی مانگی موحەڕەم و بەتایبەت رۆژانی تاسوعا و عاشورا رێگا نادرێت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ ئێران بکەن، بەڵام بەبێ ئۆتۆمبێلی تایبەت دەتوانن و رێگا کراوەیە.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە راگەیەنراوێکدا کە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە رێگا پێ نەدانەکە کاتییەوە و دوای تاسوعا و عاشورا، رێکارەکان ئاسایی دەبنەوە و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەرەو وڵاتی ئێران گەشت بکەن.
راشیگەیاندووە "ئەو گەشتیارانەی کە بە نیازن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بکەن، لەلایەن بەرپرسانی ناو گومرکی ئێرانەوە ئاگادار کراوین بەبۆنەی ھاتنی مانگی موحەڕەم بە تایبەتی لە رۆژانی تاسوعا و عاشورا کە دەکاتە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، رێکەوتی حەوت و ھەشتی ئابی ٢٠٢٢، بەشێوەیەکی کاتیی تەنیا بۆ ئەم دوو رۆژە رێگا نادرێت ھاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بکەن، بەڵام بەبێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەتوانن گەشتی ئێران بکەن".