دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی تایوان، جۆزێف وو رایگەیاند ئەو مانۆڕە سەربازییانەی کە چین لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی لە دەوروبەری دووەگەکەدا ئەنجامیدەدات "ئامادەکارییە بۆ پلانی داگیرکردن".
جۆزێف وو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو مانۆڕە سەربازییە فراوانەی کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو چوار رۆژەی کە بۆی دیاریکرابوو بەردەوامە، ھاتوچۆی کەشتی و فڕۆکەی بارھەڵگری لە ناوچەی ھەردوو زەریای ھێمن و ھیندی کە یەکێکە لە قەرباڵغترین ئاراستەکان پەکخستووە و زیانی بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە گەیاندووە و چین-ی بە "جوڵانەوە بەبێ بەرپرسیارێتی" تۆمەتبار کرد.
وەزیری دەرەوەی تایوان راشیگەیاند کە پەکین سەردانەکەی پێلۆسی کردووەتە پاساو و نیازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی تایوان و دەوروبەری ئاشکرا کردووە و گوتی: "چین مانۆڕەکانی بۆ ئامادەکاری بۆ پلانی داگیرکردنی تایوان ئەنجام دەدات".
جۆزێف وو جەختی لەوەش کردەوە کە چین لە کاتی مانۆڕەکاندا "ھێڵی ناوەڕاست" کە ھێڵی ئاسمانی و دەریایی لە نێوان لایەنەکاندا جیادەکاتەوە تێپەراندووە و بەمشێوەیە ئەو کۆدەنگییەی کە ماوەیەکی زۆرە پەسەند کراوە پیشێلکردووە و ئەگەری ئەوە ھەیە بۆ گۆڕینی گەرووی تایوان ھەوڵ بدات ئەم جۆرە چالاکییانە بکاتە کارێکی ئاسایی.
سەردانەکەی ھەفتەی رابردووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی و شاندی یاوەری کە لە پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پێکھاتبوون، ناڕەزایەتی پەکینی لێکەوتبوویەوە کە دوورگەکە بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت. چین لە دوای سەردانەکەی ٢ و ٣ی ئاب مانۆڕێکی سەربازیی لە چواردەوری دوورگەکە دەستپێکردبوو. مانۆڕە سەربازییەکە کە یەکەم جار وا راگەیەندرابوو لە ٤-٧ی ئاب بەڕێوەدەچێت بەڵام زیاتر لەو رێککەوتەی کە بۆی دیاریکرابوو خایاند.
نانسی پێلۆسی دوای ٢٥ ساڵ ببووە یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی دوورگەکە کە لەگەڵ چین ناکۆکییان لەسەر سەروەری خاک ھەیە بکات. پێشتر نێوت گینگریچ لە ساڵی ١٩٩٧دا سەردانی تایوانی کردبوو.
بەھۆی سەرھەڵدانی جەنگی ناوخۆ لە چین لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە، پارتی کۆمۆنیستی چین بە سەرکردایەتی ماوو زیدۆنگ لە ساڵی ١٩٤٩ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و کۆماری گەلی چینی راگەیاند، لە بەرامبەردا ئەندامانی پارتی نەتەوەیی چین بە سەرکردایەتی چان کایشێک لە تایوان جێگیربوون و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەسەڵاتی "کۆماری چین" کە لە ساڵی ١٩١٢وە دامەزاربوو، لە دوورگەکەدا بەردەوامە و سەربەخۆیان راگەیاندبوو.
ھەرچەندە ئەم ھەوڵە لەلایەن چینەوە قبوڵ نەکرا، بەڵام نوێنەرانی تایوان تا ساڵی ١٩٧١ نوێنەرایەتی چینیان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرد. بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٠ ژمارەیەکی زۆری وڵاتان پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان لە کۆماری چینەوە ئاراستەی کۆماری گەلی چین کرد لە ساڵی ١٩٧١ لە دەنگدانێکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، بڕیاردرا کە حکوومەتی پەکین بە تاکە نوێنەری شەرعی چین بناسرێت و پێگەی تایوانیش لە سەکۆی نێودەوڵەتییدا بە پێناسەنەکراوی مایەوە.