تەندروستیی جیھانی: بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون پەیوەندی بە مەیموونەوە نییە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دوای ئەوەی ھەواڵێک لەبارەی ھێرشکردنە سەر ژمارەیەک مەیموون لە بەڕازیل بڵاوکرایەوە، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروسیتی جیھانی، مارگرێت ھاریس رایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە جیھاندا، پەیوەندی بە مەیموونەوە نییە.

مارگرێت ھاریس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە جنێڤ گوتی: "ئەوەی پێویستە خەڵکی بیزانێت، ئەوەیە کە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لەنێوان مرۆڤدا دەگوازرێتەوە".

راشیگەیاند کە نابێت ھۆکاری بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون، بخرێتە ئەستۆی مەیموون، ئەوەیش دوای ئەوەی بەپێی رۆژنامەی "The Guardian"ی بەریتانی، ھەواڵێک لەبارەی ژەھراویکردن و هێرشکردنە سەر مەیموون لە بەڕازیل بڵاوکراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی ھەواڵیی "G1"ی بەرازیلی بڵاوکراوەتەوە لە ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتییدا لە شاری ریۆ پریتۆ سەربە ھەرێمی ساوپاوڵۆ باشووری رۆژھەڵاتی بەڕازیل، ١٠ مەیموون ژەھرخوارد کراون و دواتر ئازاردراون.

ھەر بەپێی رۆژنامەکە، تیمەکانی رزگارکردن و چالاکوانان گومانی ئەوەیان کردووە کە مەیموونەکان ژەھرخوارد کراون و دواتر ھێرشیان کراوەتە سەر، دوای ئەوەی سێ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون لە ناوچەکەدا پشتڕاستکراونەتەوە.

گوتەبێژی رێکخراوی تەندروسیتی جیھانی، مارگرێت ھاریس جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە سەرباری گومانەکان لەسەر ئەوەی کە مەیموونەکان ژەھرخوارد کراون، بەڵام مەیموون ھیچ پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە نییە.

ئاماژەی بەوەیش دا کە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٨دا سەری ھەڵداوە.

تا ئێستا ٢٨ ھەزار و ١٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون و ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە لە جیھان تۆمارکراوە کە بەھۆیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، باری لەناکاوی تەندروستیی لە جیھان راگەیاندووە.