چین: مانۆڕە سەربازییەکانمان لە دەورووبەری تایوان تەواو بوون

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

چین کۆتایی بە مانۆرە سەربازییەکانی هێنا کە دوای ئەنجامدانی سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی بۆ تایوان لە دەورووبەری دوورگەکە دەستی پێ کردبوون.

گوتەبێژی فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاریخوازی میللی چین، شی یی رایگەیاند کە مانۆڕە سەربازییەکانیان لە کایەی ئاسمانیی و ناوچە ئاوییەکانی دەورووبەری تایوان تەواو بوون.

شی یی بە ئاماژەدان بەوەی کە مانۆڕەکان بە سەرکەوتووی ئەنجام دراون و توانای جەنگیی هاوبەشی سوپا بەشێوەیەکی کاریگەر تاقی کراونەتەوە رایگەیاند "چاودێری رەوشی گەرووی تایوان دەکەن و بەشێوەیەکی رێکخراو ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی مانۆڕ".

لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵاتی سوپای رزگاریخوازی میللی چین، شی یی دوای ئەوە هات بەیانیی ئەمڕۆ، چین بەڵگەی سیاسیی لەبارەی تایوانەوە بڵاو کردەوە. لە بەڵگەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە ئامانج ئەوەیە لەسەر بنەمای دانپیانان بە جیاوازی ئایدۆلۆجی و کۆمەڵایەتی لەنێوان چین و تایواندا، بگەن بە "سەرلەنوێ یەکگرتوویی ئاشتیخوازانە".

هەفتەی رابردووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی لەگەڵ پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد و ئەمەیش کاردانەوەی توندی چینی بەدوادا هات و بووە هۆی تەشەنەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین. بەم جۆرە نانسی پێلۆسی بووە یەکەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە دوای ٢٥ ساڵ سەردانی ئەو دوورگەیە بکات. پێشتر لە ١٩٩٧ کاتێک نەوت گرینگیچ ئەو پۆستەی هەبوو سەردانی تایوانی کرد.