دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئێرانی پلانی داناوە بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکرێت بە پلاندانان بۆ کوشتنی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی. لەوانەیە تۆمەتبار بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ سوپای پاسداران چەند کەسێکی بەکرێ گرتبێت بۆ ئەوەی بەو تاوانە هەڵبستن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی دادگا دەرکەوتووە کە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ەوە، شەهرام پورسافی تەمەن ٤٥ ساڵ کە بۆ سوپای پاسداران کاری کردووە بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتۆن، سەودا و مامەڵەی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە لە دەورووبەری واشنتۆن.
لە سکاڵانامەی داواکارانی گشتیدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە هاوکات داوا کراوە لە هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی مەهدی رەزایی کە کەسێک بۆ کوشتنی بۆڵتۆن لە واشنتۆن یاخود ماریلاند بە کرێ بگرێت بە ٣٠٠ هەزار دۆلار.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکادا، ئاماژە بە گوتەکانی جێگری سەرۆکی FBI، لاریسا کناپ دراوە کە لەمبارەیەوە گوتوویەتی "ئێران ئەزموونی هەیە لە پلاندانان بۆ کوشتنی ئەوانەی لە ئەمریکا وەک هەڕەشە دەیانبینێت بۆ سەری خۆی، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا ئەزموونێکی زیاتری هەیە بۆ لێپرسینەوە لەوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییانی دەکەن".
لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن کە شەهرام پورسافی ئێستا لە دەرەوەی ئەمریکادا دەژیت و لە ئەگەری دەستگیرکردنیدا بەتۆمەتی دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی دادگایی دەکرێت.
جۆن بۆڵتۆن کە دژی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەوەستایەوە لە دژی ئێران کە لە سەردەمی ٤٤ەمین سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما واژووی لەسەر کرابوو، دوای ١٧ مانگ دەستی لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا کێشایەوە و دواتر لە دووتوێی کتێبێکدا ئەو رووداوانەی خستە روو کە لەو پۆستەدا تووشیان بووبوو.
ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێران کە ئاژانسێکی نیمچەفەرمیی ئێرانە لە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٢ بڵاوی کردەوە، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران، تەنگسیری وازی لە داواکاری هێناوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ئاکامی هێرشەکەی ئەمریکا لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران و پێدانی ژمارەیەک ئیمتیازات، بەڵام پلاندانان بۆ تۆڵەسەندنەوەکە بە رەهایی بووە.