وادەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە ھەرێمی کوردستان کۆتاییھات

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 

دیجیتال میدیای سپێده‌

وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، دوێنێ كۆتا ڕۆژ بو بۆ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران بۆساڵی 2022.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١١ی ئابی ٢٠٢٢، کۆتا رۆژ بووه‌ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆساڵی ٢٠٢٢، کە تێکڕا بڕی ٣٢٢ ھەزار و ٣٨٧ تۆن و ٤٠ کیلۆ لە ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاندووە: پاش ئەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ راگەیه‌ندرا لە ھەرێمی کوردستان و دەست بەوەرگرتنی گەنم کرا و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کۆتاییھاتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان راگەیەندرا، بەڵام بەھۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر بارھەڵگر لە بەردەم سایلۆکان کە گەنمیان ھێنابوو، بەناچاری پڕۆسەی وەرگرتنمان درێژکردەوە به‌ڵام لە ئەمڕۆوە بەیەکجاری پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم رادەگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە داتا و ئاماری گەنمی وەرگیراو لە ساڵی ٢٠٢٢دا کراوە و تیاییدا ھاتووە کە، تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی بڕی، ١٤١ ھەزار و ٢١٧ تۆن و ٤٠٠ کیلۆ، لە پارێزگای ھەولێر بڕی ١٢٣ ھەزار و ٤٦ تۆن و ١٦٠ کیلۆ و لە پارێزگای دھۆک بڕی ٥٨ ھەزار و ١٢٣ تۆن و ٤٨٠ کیلۆ وەرگیراوە.