نەتەوەیەکگرتووەکان: "بەهۆی باران و لافاوەوە ٧٧ کەس لە یەمەن گیانیان لەدەست داوە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند بەهۆی رێژنەباران و لافاوەوە کە نزیکەی دوو هەفتەیە یەمەنی گرتووەتەوە، ٧٧ کەس گیانیان لەدەست داوە.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەو رێژنەباران و لافاوەی لە ٢٤ی تەمووز تاکو ١٠ی ئاب ١٦ پارێزگا و ٨٥ قەزای یەمەنی گرتووەتەوە، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ٣٥ هەزار خانەوادە و زیان بە سەرچاوەی داهات و سەرچاوەی ئاویان گەیشتووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەیش دراوە کە بەو هۆیەوە ٧٧ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ژمارەیەک منداڵیشیان لەنێودایە.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مەزەندە دەکرێت رێژنەبارانەکە تاکو ٢٠ی ئاب بەردەوام بێت.

یەمەن یەکێکە لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی جیهان و بەهۆی جەنگی ناوخۆوە کە چەند ساڵێکە لەو وڵاتەکەدا بەردەوامە، قەیرانی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.