دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، عیمران خان رایگەیاند کە لە سەرانسەری وڵاتدا، خۆپیشاندان دژبە حکوومەتی هاوپەیمانیی ساز دەکەن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنی نیشتمانیی پاکستاندا بڵاوکراونەتەوە، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاکستان (PTI)، عیمران خان لە یاریگای یاریی هۆکی لە شاری لاهور، گوتارێکی پێشکەش بە لایەنگرانی کردووە.
عیمران خان باسی لەوە کردووە کە خەبات بۆ ئازادی راستەقینە گەیشتووەتە دوایین قۆناغ و لە سەرانسەری وڵاتدا خۆپیشاندان دژبە حکوومەتی هاوپەیمانیی ساز دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان باسی لەوەیش کردووە کە لە شاری راوڵپندی-ەوە دەست پێ دەکەن و لە شارەکانی کاراچی، ئیسلام ئابادی پایتەخت، پیشاوەر و زۆر شاری دیکە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
خان ئەوەشی خستەڕوو کە دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بپارێزێت و دژایەتی ئەمریکا ناکات بەڵکو دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ واشنتۆندا هەبێت.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان ئەمریکای بە بەرپرسیار دەزانی لە خستنی حکوومەتەکەیدا.
لە دەنگدانێکدا کە لە ١٠ی نیسانی رابردوودا لە پەرلەمانی پاکستان ئەنجامدرا، متمانە لە حکوومەتەکەی عیمران خان وەرگیرایەوە.
لە ١١ی نیسانی رابردوویشدا، شاهباز شەریف-ی برای نەواز شەریف کە سێ خول پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی پاکستانی بەڕێوەبردووە، بە بەدەستهێنانی ١٧٤ دەنگی پەرلەمانتاران بە سەرۆکوەزیرانی نوێ هەڵبژێردرا.