ھاوپەیمانی عەزم: پێویسته‌ سەرەتا حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ھاوپەیمانی عەزم رایگەیاند دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران، بەپێی دەستوور ھەڵبوەشێندرێتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەتا دەبێت حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت و دوای ئەوە ھەنگاو بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەخت بهاوێژرێت.

ھاوپەیمانی عەزم لە راگەیەندراوێکدا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی داواکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت رایگه‌یاند و تیایدا ھاتووە: "لەکاتێکدا وڵاتەکەمان بە رەوشێکی سەخت و ھەستیاردا تێپەڕدەبێت، پاڵپشتی لە ھەموو ئەو ھەنگاوانە دەکەین کە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیران و چەقبەستوویی سیاسی ئێستا ده‌هاوێژرێن".

راشگەیاندووە: "جەخت دەکەینەوە ھەنگاونان بەرەو ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و داواكاریی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، دەبێت بەپێی دەستوو و یاسا، ھەروەھا رێککەوتنی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بێت، بێ ئەوەی ھێچ لایەنێک پەراوێز بخرێت و تاکلایه‌نانه‌ بڕیاریان لەبارەیەوە بدرێت".

ئاماژەی بەوەیشداوە لە ئێستادا، پێویستە پابەندییە نیشتمانییەکان بەرامبەر بە گەل جێبەجێ بکرێن لەسەروویانەوە، پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو، ھەروەھا دابینکردنی پێدوایستییەکانی دانیشتوانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان.

لە راگەیەندراوەکەی ھاوپەیمانی عەزمدا، ھەروەھا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە رێز لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دادگای باڵای فیدراڵیی بگیرێن و دەست بکرێت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە ئامانجی ھەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەوەیش دوای ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکبکەون و تیایدا ھاتووە:

"ھەر ھەنگاوێک بەپێچەوانەی ئەوەوه‌ لە دەرەوەی دەستوور بهاوێژرێت، بەرژەوەندییەکانی گەل لەدەست دەدرێت و دەبێتە مایەی سەرکێشی کردن بە ئایندەی وڵاتەوە".

رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی کرد کە لەماوه‌ی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە رایگەیاند، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەودا نییە.