فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هه‌رێم: حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە له‌كاتێكدا پێویستبوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی كردەوە: لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی پێنج ترلیۆن و 900 ملیار دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لەبەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لەکاتێکدا بەپێی رێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستبوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی راگەیاند: حکوومەتی عێراق پێویستبوو بۆ ئەو 7 مانگە، یەک ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، کەچی تەنیا 400 ملیاری ناردووە و یەك ترلیۆن دینارەکەی دیكەی نەناردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ دواكەوتن مووچەی دابەش كردووە و دابەشكردنی مووچەش بەردەوامی دەبێت

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: مانگانە پێویستمان بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە داهاتی نەوتدا پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی بەگشتی لە کەرتی وزەدا کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، واتا 150 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە.