کەسوکاری گەنجەکەی سلێمانی ئاسایش تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ كوژرانی كوڕه‌كه‌یان

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ بە تەقەی هێزێکی ئاسایشی سلێمانی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ کوژرا، کەسوکاری کوژراوەکە دەڵێن، ڕووداوەکە هەڵە نەبووە و بە ئەنقەست کوڕەکەیان کوشتووە.

له‌دوای ڕوداوه‌كه‌ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا رایگه‌یاند، كه‌ ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 14-8-2022 لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە و هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی دوو تیرۆرست هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە گەنجێک "ئەحمەد" گیانی لەدەستدا.

ئەحمەدی تەمەن 22 ساڵ خوێندکاری قۆناغی چوارەمی زانکۆ بووە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوا بەدوای ڕووداوەکە دەست بەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و ليکۆڵینەوە بەردەوامە.

عادل ئەحمەد، خاڵی گەنجە کوژراوەکە لە پرسەی کوڕەکەیاندا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان (دووشەممە 15-8-2022) ڕایگەیاند، "ئێمە گومانمان لە ڕووداوەکە هەیە، چونکە دوو گوللـە بەر کوڕەکەمان کەوتووە یەکێک لە پێشەوە یەکێک لە دواوە، واتە ڕووداوەکە لە مەبەست دەچێت، نەک قەدەر و ڕووداوی نەخوازراو."

وتیشی، "هەروەها ئاسایش شەو دەڵێن، بۆ گرتنی دوو تیرۆرست چوون، ئەمڕۆ بە ئێمە دەڵێن، بۆ دەستبەرداگرتنی مادەی هۆشبەر چوون، واتە بە گشتیی شتەکان جێگەی گومانن."

ده‌شلێت، "هیچ تۆمەتبار و کەسێک لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، هێزەکەی ئاسایش هەر کە چوون دەستیان کردووە بە تەقە و یەکەم گوللـە بە خوشکەزاکەی منیانەوە ناوە، ئەو لە ترسا ڕایکردووە، دواتر چوونەتە سەری و گوللـەیەکی دیکەیان لێداوە، تەنانەت بە برینداریش وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە و ویستویانە کەلەپچەی بکەن، تا دواتر بردوویانەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "کوڕەکەمان لە قۆناغی چوارەمی زانکۆ بوو، ئێمە داوا لە بەڕێوەبەری ئاسایش دەکەین لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن و ڕاستییەکان بۆ ئێمە ئاشکرا بکەن، ئەگەر ڕووداوەکە هەڵە بووە، پێویستە ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە بدرێنە دادگا، ئەگەریش هەڵە نیە ئەوا با بزانین."

خاڵی ئەحمەد وتیشی، "ئەم ڕووداوە هەڵە نەبووە، ئێمە بنەماڵەیەکین چەندین ساڵە پێشمەرگەی ئەم نیشتیمانەین و هەندێک شارەزاییمان هەیە، کاتێک هیچ کەس و تۆمەتبارێک تەقەی نەکردووە، هێزەکەی ئاسایش بۆ تەقەی کردووە، دواتر ڕووداوەکە لە 5:00ی ئێوارە ڕوویداوە، بەڵام ئاسایش لە 12:00ی شەودا ڕوونکردنەوە دەدات دەڵێت، بە هەڵە بووە."