ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پێویستە كێشەكانی عێراق بەگفتوگۆی نیشتیمانیانە چارەسەر بكرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لەمیانەی پێشوازیكردنی لە بەڕێز مەهدی شوشتەری سەركونسڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و شاندێكی یاوەری كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 15-8-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: ئەو كێشانەی كە ئێستا ڕوبەڕوی عێراق بونەتەوە بۆتە هۆی پەكخستنی پەرلەمان و ڕاوەستانی گفتوگۆكان، پێویستیان بە گفتوگۆی نیشتیمانیانە دەبێت بەپێی یاساو دەستور چارەسەر بكرێن.   لەبەشێكی دیكەی ووتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە كە چارەسەر نەبونی كێشەو گرفتەكانی عێراق و گەورەبونیان لە بەرژەوەندی هیچ و كەس و لایەنێك نیەو سەرجەم پێكهاتەو نەتەوەكانیش پێكەوە زیانیان بەردەكەوێت، بۆیە گرنگە هەموولایەك هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدەن لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی نیشتیمانیانەدا.   لای خۆشیەوە، سەركونسڵی كۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای سوپاسی بۆ كۆششەكانی ئەمینداری گشتی و سەركردایەتی یەكگرتوو بۆ چارەسەر، ئاماژەی بەوەدا كە كێشەكانی بەغدا، كێشەی هەموو پێكهاتەكانی عێراقە بەبێ جیاوازی، پێویستە كورد ڕۆڵی ئەرێنی لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەدا ببینێت، هەروەها كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش بەپێی دەستور گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێن.