دەستپێکردنی یەکەمین گەشتی ئاسمانیی ڕاستەخۆ لەنێوان ھەولێر و پراگ ڕاگەیەندرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بە ئامادەبوونی کۆنسولی گشتیی کۆماری چیک، کارێل کۆرتانێک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل و ئور ئەیرلاین، لاوەند شێخ مەموەندی دەستپێکردنی یەکەمین گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان ھەولێر و پراگ راگەیەندرا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لاوەند شێخ مەموەندی ئاماژەی بەوە دا کە کۆمپانیای فلای ئەربیل بە ھاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ئور ئەیرلاین، گەشتەکانی فراوانتر کردووە و توانیوێتی ھەولێری پایتەخت زیاتر بە جیھان ببەستێتەوە و گوتی: "ئەمڕۆ دەستپێکردنی یەکەمین گەشتی ئاسمانیی راستەخۆ لەنێوان ھەولێر و پراگ رادەگەیەنیین کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجام بدرێت".

لاوەند شێخ مەموەندی ئەوەیشی خستەڕوو کە لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانیی نێوان ھەولێر و پراگ، ئاسانکاریی وەرگرتنی ڤیزای کۆماری چیک بۆ گەشتیاران و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

گوتیشی: "ئەمە ١٤یەمین ھێڵی ئاسمانییە کە لەلایەن کۆمپانیای کۆمپانیای فلای ئەربیل و ئور ئەیرلاین-ەوە لە ھەولێر دەکرێتەوە".

لای خۆیەوە کۆنسولی گشتیی کۆماری چیک، کارێل کۆرتانێک خۆشحاڵی خۆی نیشان دا سەبارەت بە دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان پراگ و ھەولێر کە لەلایەن کۆمپانیای فلای ئەربیل-ەوە ئەنجام دەدرێت.

راشیگەیاند "دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان پراگ-ھەولێر، دەبێتە مایەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری چیک و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتوگوزار لەنێوان ھەردوولادا، زیاتر پێش بخەین".