کوێت دوای حەوت ساڵ باڵیۆزی نارده‌ تاران

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دوای نزیکەی حەوت ساڵ، کوێت باڵیۆزی لە تاران پایتەختی ئێران دامه‌زراند.

بەپێی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران، باڵیۆزی نوێی کوێت لە تاران، به‌در عەبدوڵڵا مەنیخ وێنەیەکی لە نامەی متمانە پێبەخشین پێشکەشی وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کردووە.

لە میانی کۆبوونەوەی نێوانیاندا حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و به‌در عەبدوڵڵا مەنیخ تاوتوێی بابەتی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.

سعوودیە لە ٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦دا ٤٧ کەسی بە تۆمەتی تیرۆر کە كه‌سایه‌تی ئایینی شیعه‌مه‌زهه‌ب، نەمر نەمر-یشیان تێدابوو، لەسێدارەدا. لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین له‌لایه‌ن چەند بەرپرسێکی ئێرانییه‌وه‌ لە بەرامبەر لەسێدارەدانەکان، خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتابوویە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشھەد و ئاگریان لە باڵەخانەکان بەردابوو.

دوابەدوای ئەو رووداوانە هەریەک لە سعوودیە، بەحرێن و سوودان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران پچڕاند و ئیمارات پەیوەندییەکانی بۆ ئاستی کاربەڕێکەر دابەزاند. هاوكات کوێت باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندەوە و بوو بە پێنجەم وڵات هەنگاوی دیپلۆماسی لە دژی ئێران بگرێتەبەر.