د. جەمال كۆچەر:ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانى عێراق به‌رێگه‌ى خۆى هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ زۆر ئاساییه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سه‌رۆكی كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند: خه‌ریكه‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گاته‌ ئاستێكى مه‌ترسیدار له‌نێوان لایه‌نه‌ شیعه‌كاندا، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێشتر چوارچیوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕازی نه‌بوون به‌ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئێستا سه‌ردییه‌كان ڕازی نین.

د. جه‌مال كوچه‌ر سه‌رۆكى كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانى عێراق بۆ سپێده‌ رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌ هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ ئه‌و دوولایه‌نه‌ ڕازی ببن به‌ئه‌نجامه‌كان، وده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕێگه‌ی خۆی بێت‌زۆر ئاساییه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌.

د. جه‌مال كۆچه‌ر، ڕاشیگه‌یاند: به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌سه‌درییه‌كان داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌سته‌مه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ رێچكه‌ى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌رێگه‌ى خۆى بێت زۆر ئاساییه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌. وئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: هه‌رچه‌نده‌ پێشتر چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنیان ره‌تده‌كرده‌وه‌، كه‌چى ئێستا سه‌درییه‌كان ئه‌نجامه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ وداواى هه‌ڵبژاردنێكى دیكه‌ ده‌كه‌ن، هیچ گره‌نتییه‌كیش نیه‌ به‌ئه‌نجامدانه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ رازیببنه‌وه‌، وده‌ڵێت: زۆر قورسه‌ هه‌ڵبژاردن جارێكى دیكه‌ له‌عێراق به‌رێوه‌بچێت، چونكه‌ لایه‌نه‌كان به‌یاسایى هه‌ڵبژاردن رازى نین.

د. جه‌مال كوچه‌ر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه‌ پێده‌چێت هه‌مان ئه‌نجامی ئێستاى هه‌بێت وهه‌مان دۆخى ئێستا دووباره‌ ببێته‌وه‌، وده‌شڵێت: ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ى له‌جیهانیش دا هه‌یه‌ بۆ عێراق له‌بار نیه‌، بۆیه‌ عێراقییه‌كان پێویسته‌ ئه‌مه‌یان له‌به‌رچاو بێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: له‌عێراق دۆخێكى مه‌ترسیدار هه‌یه‌ ونزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌پێكدانانی خوێناوی له‌نێوان دوولایه‌نی شیعه‌، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ری هاتنه‌ناوه‌وه‌ی لایه‌نی سێیه‌میش له‌ئارادایه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌سانی عاقڵ مه‌ندی عێراقی بێنه‌ سه‌رهێڵ وله‌نێوخۆیاندا دۆخه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.