عامری و پلاسخارت پێشھاتە سیاسییەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت دوا پێشھاتە سیاسییەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح بڵاوی کردەوە کە ھادی عامری پێشوازیی کردووە لە جێنین ھێنیس پلاسخارت.

راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، دوا پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و چۆنێتی چارەسەرکردنی قەیرانەکەی ئێستا تاوتوێ کراوە.

ئاماژەی بەوەیشداوە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ کراوە لە بارەی بەردەوامی پاڵپشتیکردن لەو ھەوڵانەی کە بە ئامانجی نزیکردنەوەی لایەنەکان خراونەتەگەڕ بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو چەقبەستووە سیاسییەی کە ماوەی چەند مانگێکە بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە، چارەسەر بکرێت.

ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە، بەھۆی بەردەوامی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، عێراق بەرەوڕووی قەیرانی سیاسی بووەتەوە کە تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.

تا ئێستا چەندین دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە خراونەتەڕوو، بەڵام ھیچکام لەو دەستپێشخەرییانە ئەنجامیان نەبووە.