ئیحسان عەبدولجەبار بە وەکالەت بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق راسپێردرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق راگەیاند کە وەزیری نەوت، ئیحسان عەبدولجەبار بە وەکالەت بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق راسپێردراوە.

سەرچاوەکە بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرای کردووە کە دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی، عەلی عەللاوی پەسەند کرد، وەزیری نەوت، ئیحسان عەبدولجەباری بە وەکالەت بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق راسپاردووە.

پێشتر سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، عەلی عەللاوی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کردووە.

ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، عەلی عەللاوی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ھەنگاوی کرداریی نییە بۆ جێبەجێکردنی پەڕەی سپیی تایبەت بە چاکسازی ئابووریی لەو کاتەی کە پەسەندکراوە، جگە لەوەیش نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی کۆتایی بە گەندەڵی نەھاتووە، هەروەها یاری بە کەرتی بانکیی دەکرێت.

دیارترین پرس کە لە میانی دەستبەکاربوونی عەلی عەللاوی وەکو وەزیری دارایی مشتومڕی زۆری نایەوە، بڕیاری دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی بوو بەرامبەر بە دۆلار کە ژمارەیەک لایەنی سیاسیی رایانگەیاندووە، دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی، بە بڕیار و پلانی عەلی عەللاوی بووە.