سه‌ركۆماری فه‌ره‌نسا بۆ روسیا: له‌وێستگه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا له‌ ئۆكراینا بكشێنه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

له‌راگه‌یاندراوێكدا كۆشكی ئیلیزێ بڵاویكرده‌وه‌: سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤۆلۆدیمر زێلێنسكی ئه‌نجامداوه‌ وئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: ماكرۆن نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له‌باره‌ی دۆخی ده‌وروپشتی ویستگه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا ده‌ربڕیوه‌ وبۆ ئاسایشی ویستگه‌كه‌ داوی كشانه‌وه‌ی له‌سه‌ربازه‌كانی روسیا كردووه‌.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌: ماكرۆن و زێلێنسكی تاوتوێی مه‌رجه‌كانی پێشنیازی ناردنی شاندێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمیه‌وه‌ به‌زووترین كات بۆ ناوچه‌كه‌ كردووه‌.

جگه‌ له‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رۆك تاوتوێی گرنگی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكراینا بۆ ئاسایشی خۆراكی جیهانی كردووه‌ وئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌: ماكرۆن و زێلێنسكی پێشوازییان له‌رێككه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ له‌رێگه‌ی كه‌شتییه‌كه‌وه‌ كه‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگره‌تووه‌كان به‌كرێی ده‌گرێت بۆ ئه‌فریقا كه‌زۆر پێوستیان پێیه‌تی، كردووه‌.