دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی ھەڵوەشاندنەوە یان ھەڵنەوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدات

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی ھەڵوەشاندنەوە یان ھەڵنەوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بدات کە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تێڕوانین لەبارەی ئەو سکاڵایەوە بکات کە لەلایەن رەوتی سەدرەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پێشکەش کراوە.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی کرد کە لە میانی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

رۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لەبارەی داواکارییەکی موقتەدا سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستوەردان لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا بکات.

دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، رەوتی سەدر سکاڵایەکی پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کرد کە تیایدا داوا دەکات، ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە.

ھەر بەپێی زانیارییەکان لە سکاڵاکەی رەوتی سەدردا کە لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کراوە، باس لە تێپەڕبوونی وادە دستوورییەکان کراوە لەوەی تا ئێستا سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێردراوە، ھەروەھا حکوومەتی نوێ پێکنەھێنراوە.

شرۆڤەکانی بواری سیاسیی لە عێراق پێیان وایە کە بڕیاری داگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوە یان ھەڵنەوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لێکەوتەی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی و رەوشی ئەمنی لە عێراق دەبێت، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی رکابەرییەکانی نێوان ھەردوو لایەنی شیعە "رەوتی سەدر" و "چوارچێوەی ھەماھەنگی" کە ھەریەکەیان بەجیا پێداگریی لەسەر دیدی تایبەتی خۆیان دەکەن لە نەخشەڕێگای رێرڕەوی سیاسیی بۆ قۆناغی داھاتوو لەو وڵاتە.