کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان و کازمی كۆتای هات

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

كۆبونه‌وه‌ی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق كۆتای هاتوو ڕایانگه‌یاند، داوا لە رەوتی سەدر دەکەین بێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 17ـی ئابی 2022 به‌به‌شداری سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان ئه‌نجامدا، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داواى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆشكى حكومى له‌ به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌ى گفتوگۆى نیشتیمانى له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌نى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانه‌وه‌، د.جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداری كردووه‌.

له‌ وته‌ى خۆیدا له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای گفتوگۆی جددی له‌لایه‌نه‌كانى كردووه‌ به‌ ئامانجی كۆتاییهێنان به‌ قه‌یرانی سیاسی له‌ عێراق.

مسته‌فا كازمی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئامانجی كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكی گفتوگۆی راسته‌قینه‌ و بیركردنه‌وه‌ی هاوبه‌شه‌، ئه‌ویش له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ سیاسییه‌كان، داخرانی سیاسی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوریی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵات، هه‌روه‌ها كۆبونه‌وه‌كه‌ هاوكار ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تێك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان.

سه‌رۆك وه‌زیران گوتیشى، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، هێزه‌ ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كان هێزی پاراستنی نیشتیمانن و نابن به‌به‌شێك له‌ ململانێ سیاسییه‌كان، بۆیه‌ هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن كه‌ ململانێ سیاسییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هاوڵاتیان و ئاسایشیان نه‌بێت، داواش ده‌كات ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هاوكاربن له‌ قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی نیشتیمانی و هاوكاری ده‌وڵه‌ت بن له‌ گه‌ره‌نتیكردنی ئاسایش و ئارامی.

له‌ ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق به‌سه‌ر په‌ره‌شتی كازمی هاتوه‌:ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت روداوێکی نامو نیە و یەکەمجاریش نیە، هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند، داوا لە رەوتی سەدر دەکەین بێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی، و ڕێشكه‌وتن له‌سه‌ر وەستاندنی هەموو هەڵچونێکی سیاسی و مەیدانی و میدیایی.