بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ٢٧ ملیار دینار بووە. وتیشی، دوای تەواوبوونی پرۆسەی كارگێڕی و دارایی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەشێکی دیکەی چەکی شایستەی دارایی جوتیاران بۆساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە هەرێم و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ پارێزگای هەولێر ١٥ ملیار دینار و بۆ پارێزگای سلێمانی حەوت ملیار دینار و بۆ پارێزگای دهۆک پێنج ملیار دینار هاتووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ جوتیاران بڕی ٣٢٢ هەزار و ٣٨٧ تۆن و ٤٠ لیرە گەنمیان دابینکردووە.