سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق، عەممار حەکیم لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، عەممار حەکیم کە بە سەردانێکی فەرمی لە سعوودیەیە، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە کراوە.
لەبارەی رەوشی سیاسیی لە عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەممار حەکیم رایگەیاندووە "جەختمان لەوە کردەوە کە دیالۆگ لە نێوان لایەنەکان باشترین رێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە جێگەی رەزامەندی بێت بۆ ئەو چەقبەستووە سیاسییەی ئێستا لە عێراقدا هەیە و جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت چارەسەرەکان بە عێراقی بمێننەوە بەبێ هیچ فشارێکی دەرەکی".
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانی سعوودیە بۆ قەیرانی کەشوهەوا لە عێراق کردووە و جەختی لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بەشداریی سعوودیە لە سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە مەترسیدارە کردووە.
لەسەر ئاستی هەرێمیشدا، عەممار حەکیم دەستخۆشی لە راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە یەمەن کردووە و جەختی لە پێویستی چارەسەری کۆتایی بۆ قەیرانی یەمەن کردووەتەوە.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق باسی لە رۆڵی عێراق لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە کردووە و رایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە هەبووە.
دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق، عەممار حەکیم بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعوودیە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عەبدولعەزیز لە شاری جیددە لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی سعوودیە، وەلید بن عەبدولکەریم و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەوە پێشوازیی لێکرا.