دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای رووسیا هێرشێکی توندی بە سێ ئاراستە لە ناوچەی دۆنێتسک دەستپێکردووە و پێکدادانەکان بەردەوامن.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا زانیاریی سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردوو و زیانەکانی سوپای رووسیا بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە كراوە كە سوپای رووسیا ٢٠٠ سەربازی لەدەستداوە كە زۆربەیان لە ناوچەی دۆنێتسك-ن.
هەروەها راگەیەندرا کە لە نێوان ٢٤ی شوبات تاکو ٢٠ی ئاب بە گشتی ٤٤ هەزار و ٩٠٠ سەربازی رووسی لە ئۆکراینا لە چالاکی خراون. لەو ماوەیەدا ٢٣٤ فڕۆكە، ١٩٧ هێلیكۆپتەر، هەزار و ٩٠٧ تانك، چوار هەزار و ٢١٢ زرێپۆش، هەزار و ١٨ تۆپهاوێژ، ٢٦٦ مووشەکهاوێژ و ١٤١ سستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا، تێکشکێندراون.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە رووسیا سێ هەزار و ١٣٧ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ٨٠٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٥ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە توانراوە ١٩٠ مووشەکی ئاراستەکراوی سوپای رووسیا لەلایەن یەکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە تێکبشکێنرێت.
ئەوە لەکاتێدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێشتر لە راگەیەندراوێکدا کە لە ٢٥ی ئاداری رابردوو بڵاوی کردبووەوە کوژرانی هەزار و ٣٥١ سەربازی لە ئۆکراینا راگەیاندبوو.
لە راگەیەندراوێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینادا ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای رووسیا هێرشێکی توندی لە ناوچەی دۆنێتسک بە ئاراستەی باخموت، زایچێڤ و کۆدێما دەستپێکردووە. له راگهیهندراوهكهدا هاتووه كه لهلایهن سوپای ئۆكرایناوه رێگریی له هێرشهكان كراوه و شهڕ و پێكدادانهكان بهردهوامن.
بەپێی زانیارییەكانی دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا، لەكاتێكدا بەرگریی سوپای ئۆکراینا بەرمبەر بە سوپای رووسیا بەردەوام بووە، رووسەكان هێرشی مووشەكییان بۆ سەر هەندێك شار دەست پێ كردووە.
پارێزگاری دنیپرۆپترۆڤسکا، ڤالێنتین رێزنیچێنکۆ رایگەیاند، سوپای رووسیا چوار مووشەکی کەلیبر-یان ئاراستەی ناوچەکە کردووە، هەروەها لەلایەن یەکەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە بەرپەچی سەرجەم مووشەکەکان دراوەتەوە.
پارێزگاری میکۆلایڤ، ڤیتالی کیم بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی رووسیا مووشەکی S-300یان ئاراستەی شارەکە کردووە. ناوبراو رایگەیاندووە کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەروەها پارێزگاری دۆنێتسک، پاڤێل کیریلێنکۆ، ئاماژەی بەوە دا کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای رووسیادا حەوت هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.