بەهۆی بارانی وەرزییەوە کە تەواوی پاکستانی گرتووەتەوە، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی پاکستان بڵاوبوونەتەوە، بارانی وەرزی تەواوی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
لە ئەنجامی ئەو زیانانەی باران بەدوای خۆیدا هێناون، لە ویلایەتی سیند، بەهۆی کارەباگرتن، داڕوخانی بنمیچ و خنکانەوە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە تەواوی ویلایەتەکەشدا زیاتر لە ١٠٧ هەزار وڵاخ، مرداربوونەتەوە.
بەهۆی لافاویشەوە رێگای سەرەکی نێوان ویلایەتەکانی سیند-بەلوجستان، بۆ ماوەی پێنج رۆژ بە رووی هاتوچۆدا داخراوە.
ناوچەکانی لارکانا، خەیرپوور، شکارپوور، سوکور و حەیدەرئابادی سەر بە ویلایەتی سیند، کەوتنە ژێر کاریگەرییەکی توندی لافاوەکەوە، بەجۆرێک ئاو شەقامەکانی ئەم ناوچانەی داپۆشیووە و هاووڵاتییان ناچارن خۆیان بەلەم دروست بکەن و خۆیان بگەیەننە ناوچەیەکی ئارام.
بە هەمان شێوە لە ویلایەتی خەیبەر بەختونخوا، ١٢ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا.
ئاژانسی تایبەت بە دۆخی لەناکاو و کارەساتی سروشتی پاکستان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ١٤ی حوزەیرانەوە تا ئێستا بەهۆی بارانی بەهێزەوە ٦٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ١٢٨ کەسیش بریندار بوون.
جێی ئاماژەی ساڵانە لە مانگەکانی حوزەیران تا ئەیلوول، بارانی بەهێز وڵاتانی باشووری ئاسیا دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی زەرەر و زیانێکی گیانی و ماڵی زۆر.