دیجیتال میدیای سپێده
بڕیاره دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان دروست بكرێت و تونێلی ئێستای دەربەندیخان نۆژەن بكرێتەوە.
دوێنێ بەشێك لە هاوڵاتیان لە دەربەندیخان و سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خۆپیشاندانیان كرد بۆ داواكردنی چاككردنی رێگای سەرەكی نێوان دەربەندیخان- سلێمانی و رێگای سەرەكی دەربەندیخان – كەلار.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، "دوێنێ بەشێك لە هاوڵاتیان لە دەربەندیخان و سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خۆپیشاندانیان كرد بۆ داواكردنی چاككردنی رێگای سەرەكی نێوان دەربەندیخان - سلێمانی و رێگای سەرەكی دەربەندیخان – كەلار كە لەساڵی 2013ەوە كاركردن تیایدا دەستیپێكردوە".
لە ڕوونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە، "وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتیوانی بۆ داوا رەواكانی هاووڵاتیان، ھاوكات جەختدەكەینەوە كە لە ھەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ تەواوكردنی رێگای دووسایدی دەربەندیخان كەلار و ھەر لێرەوە رایدەگەیەنین، كە ھەفتەی داھاتو بە بەشداری نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی پسپۆڕ دەستپێدەكات بۆ دروستكردنی دوو تونێلی نوێ بۆ دەربەندیخان".
باس لە ئەوەشكراوە، "لەچوارچێوەی ھەنگاوە خێراكان بۆ كارئاسانی ھاتوچۆی ھاوڵاتیانی سنورەكە، بڕیاردراوە بە قیرتاوكردنی رێگای ناوتاق و كاركردنیش بەردەوامە بۆ تەواوكردنی رێگای دوسایدی وارماوا دەربەندیخان".