دیجیتال میدیای سپێده
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف پێشبینی کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەیان بگاتە 90 ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەداوە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، 30ـی تۆن زیادی کردووە.
عەممار خەڵەف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە 80 ملیار دۆلار و گوتی: "پێشبنی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەمان بگاتە 90 ملیار دۆلار".
راشیگەیاندووە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، 30ـی تۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە، 131 تۆن و روونی کردووەتەوە کە یەدەگی زێڕ بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد ناکات، بەڵکو لە ماوەی درێژخایەندا زیاد دەکات.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکە لە نەختینەی بیانی، گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار.