ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق: گرنگە بەپێی دەستوور و یاسا قەیرانی سیاسیی ئیستا چارەسەر بکرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، فایەق زێدان لەبارەی قەیرانە سیاسییەکەی ئێستا رایگەیاند کە گرنگە بەپێی دەستوور و یاسا قەیرانەکە، چارەسەر بکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بڵاوی کردەوە کە فایەق زێدان گرنگی رۆڵی راگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم لە بڵاوکردنەوەی راستییەکان بۆ رای گشتیی لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەوانان و میدیاکار تاوتوێ کردووە و جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە بەپێی دەستوور و یاسا، قەیرانی سیاسیی ئێستا چارەسەر بکرێت.

باسی لەوەش کردووە کە لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پتەوترکردنی متمانەی ھاووڵاتییان بە دەسەڵاتی دادوەریی کە بەیەک چاو سەیری ھەمووان دەکات و بەناوی گەلەوە بڕیارەکانی خۆی دەدات و گوتوویەتی "دەسەڵاتی دادوەریی بەپێی دەستوور و پشتبەستن بە بەڵگەکان، یاسا جێبەجێ دەکات، نەک لەسەر دەنگۆ و بانگەشەکردن".

ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە دەسەڵاتی دادوەریی لە ململانێیە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە، بەو پێیەی کە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی دەوڵەت.

رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی کرد کە لە میانی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

رۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لەبارەی داواکارییەکی موقتەدا سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستوەردان لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا بکات.