دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئۆکراینا رایگەیاند کە شەوی رابردوو، پێنج هێرشی سوپای رووسیا لە ناوچەی لوهانسک شکستی پێ هێنراوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە شاری سومی، دوو ناوچەی نیشتەجێبوون، تۆپباران کراون و هێرشی مووشەکی و تانکەکانیش بۆسەر شاری خارکێڤ، بەردەوامن.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە پێکدادانەکان لە شارەکانی باخموت و کرامۆترسک بەردەوامن، بەڵام هێزەکانی رووسیا دوای شکستهێنانیان لە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شارەکانی سڵۆڤیانسک، ئاڤدیێڤکا و زاپۆریژییا کشانەوە.
ماڵپەڕی ئۆکراینسکایا پراڤدا، بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە شەوی رابردوو لە ناوچەی لوهانسک رۆژهەڵاتی وڵات، شکست بە پێنج هێرشی گەورەی سوپای رووسیا هێندراوە و لەئێستاشدا لە شەش ئاراستەوە جەنگ بەردەوامە.
باس لەوەش کراوە کە لە ئەنجامی هێرشەکان بۆسەر شاری دۆنێتسک، دوو هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، ١٩ خانوو، قوتابخانەیەک و ئاشێکیش زیاناین بەرکەوتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزەکانی رووسیا بە ئاراستەی شاری مایکۆڵایڤ لە پێشڕەویدان و لە شاری بلاخۆداتنێ توانیویانە نیمچە سەرکەوتنێک بەدەستبهێنن.
لە راگەیەندراوێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینادا، ئەوە خراوەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە ٢٠٠ سەربازی رووسیا کوژراون، بەم شێوەیەش لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی رووسیا گەیشتووەتە ٤٥ هەزار و ٤٠٠ سەرباز.
باس لەوەش کراوە کە ٢٣٤ فڕۆکە، ١٩٨ هێلێکۆپتەر، هەزار و ٩١٧ تانک، چوار هەزار و ٢٣٠ زرێپۆش، ٢٦٦ سیستمی هەڵدانی رۆکێت، ١٤٥ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و ٨١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی رووسیا تێکشکێندراون.
لە راگەیەندراوێکی ٢٥ی ئاداری وەزارەتی بەرگریی رووسیاشدا ئەوە راگەیەندراوبوو کە لە ئۆکراینا هەزار و ٣٥١ سەربازیان کوژراون.
شەوی رابردوو، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر ئەو سەربازە ئۆکراینیانەی لە شاری ماریوپۆل لەلایەن رووسیاوە بە دیل گیراون لە دادگایەکی نمایشیدا دادگایی بکرێن، ئەوا هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ رووسیا دەبێتە کارێکی ئاستەم.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە میانی پەیامەکەیدا گوتی: "ئەگەر ئەم جۆرە دادگاییکردنە نمایشییە ئەنجام بدرێت و هاووڵاتییانمان بۆ ئەم جۆرە دیمەنانە پەلکێش بکرێن کە تیایاندا هەموو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون، ئەوا ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستانێکمان لەگەڵ رووسیا دەبێتە کارێکی ئاستەم".