حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق لە كاری خۆی بەردەوام دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، شیعەكان نەیانتوانیوە كاندیدی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە، بۆیە حكوومەتی كاربەڕێكەر لە كاری خۆی بەردەوام دەبێت، چونكە خۆپیشاندەران بە هیچ كاندیدێك رازی نین.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، تا ئێستا كاندیدی سەرۆكوەزیران لەلایەن شیعەكانەوە یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە خۆپیشاندەران بە هیچ كاندیدێك رازی نین، بۆیە حكوومەتی كاربەڕێكەر لە كاری خۆی بەردەوام دەبێت.

سەبری گوتیشی، خۆپیشاندەران باس لەوە دەكەن، كە ئەوەی دەبێتە سەرۆكوەزیران، پێویستە لە 2003ـوە هیچ پۆستێكی نەبووبێت و نابێت وەزیر و پەرلەمانتار بێت و هیچ پۆستێكی وەرگرتبێت، بۆیە ئەمەش وای كردووە كە نەتواندراوە هیچ كاندیدێك لەلایەن شیعەكانەوە یەكلا بكرێتەوە.

دەشڵێ،  تا سبەینێش شیعەكان هەر ناتوانن هیچ كاندیدێك یەكلا بكەنەوە، بۆیە ئەو پرسە دوادەكەوێت و حكوومەتی ئێستا لە كاری خۆی بەردەوام دەبێت.

لەبارەی هەڵوێستی كوردیشەوە، سەبری باسی لەوە كرد: "تا ئێستا شیعەكان كاندیدی خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە، تاوەكو ئێمە هەڵوێستی خۆمانی لەسەر دەرببڕین".

 

بڵند ئیبراهیم