داوای 12 ساڵ زیندانیکردن بۆ جێگری سەرکۆماری ئەرجەنتین دەکرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەهۆی ئەو دۆسیەی گەندەڵییەوە کە لەسەری کراوەتەوە، داوای ١٢ ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوەی لە پۆستی حکوومیی دەکرێت بۆ جێگری سەرکۆماری ئەرجەنتین و سەرکۆماری پێشووی وڵاتەکە، کریستینا فێرناندێز دێ کیرچنەر.

دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیەی تیایدا فێرناندێز دێ کیرچنەر تۆمەتبار کراوە بە گەندەڵی لە تەندەرەکانی دروستکردنی رێگاوبان لە ویلایەتی سانتا کروز باشووری ئەرجەنتین لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٥ کە وڵاتی بەڕەوەبردووە لە دادگای زارەکی فیدراڵیی ژمارە پێنجی بوینس ئایرس (TOF 2) بەڕێوەچوو.

داواکاری گشتیی، دیێگۆ لوسیانی داوای ١٢ ساڵ زیندانیکردنی کردووە بۆ هەر یەک لە فێرناندێز دێ کیرچنەر کە تۆمەتبارە بە سەرکردایەتیکردنی رێکخراوێکی نایاسایی و بەڕەوەبردنی ماڵی گشتیی بە گەندەڵی و لازارۆ بایز کە بازرگانە و پێشتر تۆمەتبار بووە بە گەندەڵی و لە سەردەمی سەرۆکایەتی فێرناندێزدا زۆربەی تەندەرە گشتییەکانی وەرگرتووە، هەروەها داوای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی کردووە بۆ هەر یەک لە وەزیری پێشووی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری گشتیی، جولیۆ دێ ڤیدۆ و سکرتێری پێشووی کارە گشتییەکان، جۆسی فرانسیسکۆ لۆپێز و بەڕێوەبەری رێگا نیشتمانییەکان، نیڵسۆن پێریۆتی.

دیێگۆ لوسیانی هەروەها داوای کردووە سەرکۆماری پێشوو، فێرناندێز دێ کیرچنەر بۆ هەتا هەتایە بێ بەش بکرێت لە وەرگرتنی پۆستی گشتیی و دەست بەسەر نزیکەی یەک ملیار دۆلاریدا بگیرێت کە لە ١٢ سندوقەوە بە گەندەڵی دەستی کەوتووە.

داواکاری گشتیی، دیێگۆ لوسیانی لە دادبینییەکەیدا لە دادگا گوتی: 'بەبێ دادپەروەری شیرازە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی فەراهەم نابێت. ئەمڕۆ کۆمەڵگا داوای دادپەروەریی دەکات. دادوەرە بەڕێزەکان، ئەمەی بەردەستان رەنگە یەکەم هەنگاو بێت بۆ سەرلەنوێ بەدەستهێنانەوەی متمانە بۆ دامەزراوەیەکی سزا. دادوەرە بەڕێزەکان ئێستا کاتیەیەتی، یان گەندەڵی یان دادوەریی'.

فێرناندێز دێ کیرچنەر کە تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئاماژەی بە رەت کردنەوەی فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکە دا.

داواکردنی سزای زیندانیکردن بۆ فێرناندێز دێ کیرچنەر، کاردانەوەی توندی حکوومەت و لایەنەکانی لێکەوتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سکرتاریەتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمارەوە بڵاوکراوەتەوە، دۆسیەکەی سەر فێرناندێز دێ کیرچنەر بە 'ستەمی دادگا و میدیا' ناوزەند کراوە و باس لەوە کراوە کە نەتوانراوە تۆمەتەکانی سەر سەرکۆماری پێشوو بسەلمێندرێت.

سەرکۆماری ئەرجەنتین، ئەلبێرتۆ فێرناندێز لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند 'ئەمڕۆ بۆ یەکێکی وەک من کە لە خێزانێکی دادوەر گەورە بووم لە جیهانی یاسادا پەروەردە بووم و زیاتر لە ٣٠ ساڵە یاسای سزا دەڵێمەوە رۆژێکی ناڕەحەتکەرە. جارێکی دیکە خۆشەویستی و هاوسۆزی خۆم دەگەیەنم بە جێگری سەرکۆمار'.

دۆسیەیەکی زۆری گەندەڵی لەسەر سەرکۆماری پێشووی ئەرجەنتین، کریستینا فێرناندێز دێ کیرچنەر کرابوونەوە، بەڵام بەشێکیان داخران.