دیجیتال میدیای سپێده
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری رەوشی بەغدا پایتەختی عێراق دەکەن و داوای دانبەخۆداگرتنی لە سەرجەم لایەنەکان کرد.
باڵیۆزخانەکە لەبارەی دوایین رەوشی سیاسیی لە عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لە نزیکەوە چاودێری راپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆ لە بەغدا و دەوروبەری تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دەکەین".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راشیگەیاندووە "داوا لە سەرجە لایەنەکان دەکەین کە دانبەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژی و ھەر ناکۆکییەکی سیاسی بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکەن".
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە خۆپیشاندەران کراوە رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن و تیایدا ھاتووە "داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین رێز لە رێکارەکان و موڵک و ماڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن کە خاوەنداریەتییەکەی بۆ گەلی عێراق دەگەڕێتەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆیان گەیاندە بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە ناوچەی سەوز و خیوەتی مانگرتنیان جێگیرکرد.
دواتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ھەڵپەساردنی کارەکانی خۆی، دادگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە و دادگای باڵای فیدراڵیی راگەیاند.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ماوەی ٢٤ رۆژە، خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەردەوامە کە داوا دەکەن ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.