بەرھەم ساڵح: "بەھۆی قەیرانی ئاووھەوا عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە میانی دیداری لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی رایگەیاند کە بەھۆی قەیرانی ئاووھەواوە، عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کراوە و لەبارەیەوە جەختکراوەتەوە لە پێویستی پتەوترکردنی پەیوەنییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی ھاوبەشەکانی عێراق و ئەمریکا بکات.

راشیگەیاندووە کە ھەروەھا جەختکراوەتە لە بەھێزکردنی ھەماھەنگیییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە رێگای دیالۆگ و بەیەکگەیشتن، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، پاراستنی ژینگە، خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانی گۆڕانی ئاووھەوا و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست، چونکە عێراق و ناوچەکە لە ریزی ئەو وڵاتانەدان کەبەھۆی قەیرانی ئاووھەواوە زۆرترین زیانیان بەر کەوتووە.

باسی لەوەش کردووە کە لای خۆیەوە ئالینا رۆمانۆسکی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەگرنگییەوە دەڕوانێتە بەھێزکردنی ھەماھەنگیییەکانی لەگەڵ عێراق، ھاوکات پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە چەسپاندنی سەقامگیریی، ئارامی و رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە.