بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ (28) بەنزینخانەی تر سزادران

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

پارێزگارى هەولێر ڕایگه‌یاند، (28) بەنزینخانە بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى سزادران

پارێزگارى هەولێر بڵاویكرده‌وه‌، لەم هەفتەیەدا لەکۆى پشکنینى (59) وێستگە، لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر، (28) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەرى بەهۆى دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه‌، لەسەرەتای مانگى (6)ى ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.8.25، کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون (242) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا (6) بەنزینخانەى تر بەهۆی زیاتر لەجارێک سەرپێچی و دەستکاریکردنى كوالیتیى و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەهاوڵاتییان، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.

ناوی بەنزینخانەکان:-

یەکەم/ وێستگەى گارە

دووەم/ وێستگەى لاوان

سێیەم/ وێستگەى ڕزگارى

چوارەم/ وێستگەى نێلا

پێنجەم/ وێستگەى هەرێم

شەشەم/ وێستگەى کاکە

باسیان له‌وه‌شكرد، لەئێستادا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دینارى نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لەبەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنى بەنزینخانەکانیش ھەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین.

ئه‌وه‌شیان خسته‌ ڕوو، دڵنییاى هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان دەکەینەوە، لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ بفرۆشێتە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات، داواش لەهاووڵاتیان دەکەین هاوکارمان بن و لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لەزووترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە.