رێژەی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا بە رێژەی لە سەدا ٢١ کەمی کردووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە میانی هەفتەی رابردوودا رێژەی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا بە رێژەی لە سەدا ٢١ کەمی کردووە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە راپۆرتێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، نوێترین بەرەوپێشچوونەکانی تایبەت بە ئاوڵەی مەیموونی خستووەتەڕوو.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە وڵاتانی ئەمریکای باکوور و باشوور، بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەخێرایی لە پەرەسەندندایە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

ئاماژە بەوەش دراوە کە دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار هەفتەی یەک لە دوای یەک رێژەی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون زیادی کرد، لە هەفتەی ١٥-٢١ی ئابدا رێژەی تووشبوون بە پەتاکە بە رێژەی لە سەدا ٢١ کەمی کردووە و بۆ پێنج هەزار و ٩٠٧ حاڵەت دابەزیوە.

تا ئێستا ئاوڵەی مەیموون لە زیاتر لە ٩٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە ٤٤ هەزار حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە تۆمارکراوە.