سۆمۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌رجه‌م كڕیارانی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

كۆمپانیای سۆمۆ بۆ به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق دووباره‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كان.

به‌پێی نووسراوێك كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای سۆمۆی تایبه‌ت به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق ده‌رچووه‌ و ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز بڵاویكردۆته‌وه‌، سۆمۆ دووباره‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌گرێته‌به‌ر كه‌ نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕن.

له‌ نووسراوه‌كه‌ی كۆمپانیای سۆمۆدا هاتووه‌، “وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ به‌ مافی خۆیانی ده‌زانن هه‌موو ڕێوشوێنێكی یاسایی بگرنه‌به‌ر دژی هه‌ر بریكارێك یان كڕیارێكی نه‌وتی خاوی (قاچاغ) كه‌ سه‌لمێندراوه‌ نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه‌ به‌ دیاریكراویش له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا.

له‌ ماوه‌ی ڕابردووشدا عێراق بڕیاریدا كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن بخرێنه‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كانیان ڕانه‌گرن.

هه‌موو ئه‌و رێكارانه‌ش دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵدا دادگای فیدراڵیی عێڕاق یاسای نه‌وت و گاز كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووێندرابوو به‌ نایاسایی ناوبرد.