هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر پەیوەست بەو ئاسانكاریەی کە دەکرێت بۆ ئەوانەی كە خۆراك دەگوازنەوە دەڵێ، ناكرێ هەر كۆمپانیا و ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوە بە ئارەزووی خۆی هاتوچۆ بكات، بەڵام دەتوانن رۆژانە كەلوپەلی خۆیان دابەش بكان و هیچ كێشەش نییە.
بەیار فایەق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رێگری لە هیچ كۆمپانیایەكی دابەشكردنی خۆراك نەكراوە و رۆژانە كاتیان بۆ دیاری كراوە و دەتوانن لەو ماوەیەدا خۆراكی خۆیان دابەش بكەن، ئەوەی باس لەوە دەكات كە گوایە رێگرییان لێ دەكرێت، راست نییە، چونكە خۆمان رێگەپێدانمان پێ داون و دەتوانن هاتوچۆ بكەن، بەڵام ناكرێ 24 سەعات هاتوچۆ بكەن، وە هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ كراوە و هیچ كێشەیەك نییە".
لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی هەولێر گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیكەین تەنها جێبەجێكردنی رێنماییەكانە و رێگریمان لە كەس نەكردووە كە رێگەپێدراوە، بەڵام پشكنین هەیە، چونكە بینیمان كە لەناو ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی كەلوپەل چۆن خەڵكی عەرەبیان دەگواستەوە، بۆیە ئێمە تەنها ئەركی خۆمان جێبەجێ دەكەین و بەپێی رێنماییەكان رێگری لە كەس ناكەین".
بڵند ئیبراهیم