قەتەر بەشی یەکەمی فڕۆکەکانی تایفونی لە بەریتانیا وەرگرت

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

قەتەر بەشی یەکەمی فڕۆکەکانی یوریفایتەر تایفون-ی لە بەریتانیا وەرگرت، کە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی جامی جیانی ٢٠٢٢دا بەکاریان دەهێنێت.

لە چوارچێوەی رێککەوتنی فرۆشتنی ٢٤ فڕۆکەی جەنگی جۆری تایفون کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لەگەڵ بەریتانیا واژوو کرا، دەست بە رادەستکردنی بەشی یەکەمی ئەو فڕۆکانە کرا.

لەم بارەیەوە دیوانی میری قەتەر لە راگەیەندراوێکدا وێرای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، رایگەیاندووە کە بەشی یەکەمی ئەو فڕۆکانانە گەیشتووەتە بنکەی ئاسمانی دوهان لە خۆرهەڵاتی قەتەر، بەڵام ئاماژە بە ژمارەی فڕۆکەکان نەکراوە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەر یەک لە میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، خالید بن محەمەد ئەلعەتیە لە بنکە ئاسمانیەکە ئامادە بوون و، فڕۆکەکان نمایشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.

بەمەبەستی بەهێزکردنی هاریکاری لە نێوان هێزەکانی ئاسمانیی قەتەر و هێزەکانی ئاسمانیی بەریتانیادا، لە ساڵی ٢٠١٨دا کەشتی گەلی هابەش پێکهێنرا.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەوە یەکەمجارە بەریتانیا لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکەدا کەشتی گەلی هاوبەش پێکدەهێنێت.

رێککەوتنی کڕینی ٢٤ فڕۆکەی جەنگی جۆری تایفون، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە دەوحە لە نێوان قەتەر و بەریتانیادا واژووکرا، دوای ئەوەی نۆ فڕۆکەی مەشقی هاوک-ی بۆ زیاد کرا، لە ١٨ی ئەیلوولدا چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

جامی جیهانی فیفا ٢٠٢٢، لە ٢٠ی تشرینی دووەمدا ئەنجام دەدرێت و، بە یاری نێوان قەتەر-ئیکوادۆر دەست پێ دەکات.