تێچووی ناشتنی شینزۆ ئابێ، لە ژاپۆن مشتومڕ دروست ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

تێچووی رێوڕەسمی ناشتنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ، ٢٤٩ ملیۆن یەن دەبێت کە دەکاتە نزیکەی ١،٨ ملیۆن دۆلار.

ئابێ، کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٢-٢٠٢٠ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنی هەبووە، تەنها کەس بووە کە توانیبێتی بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.

هەرچەندە لە مانگی تەمووزدا ئابێ، تیرۆر کرا بەڵام تا ئێستا رێوڕەسمی ناشتنی بۆ ساز نەکراوە و بڕیارە لە ٢٧ی ئەیلوولدا رێوڕەسمەکە بە ئامادە بوونی شەش هەزار کەس، ئەنجام بدرێت، ئەوەی جێگای سەرنجیشە ئەوەیە کە خەرجی رێوڕەسمەکە ٢٤٩ ملیۆن یەنی ژاپۆنی دەبێت کە دەکاتە نزیکەی ١،٨ ملیۆن دۆلار.

حکوومەتی تۆکیۆش، خەرج کردنی بوودجەی رێوڕەسمەکەی پەسەند کرد کە بڕیارە لەسەر بەشە بوودجەی ئەم ساڵ دابین بکرێت.

خەرجی رێگاکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابین کردنی وەرگێڕ بۆ میوانە بیانییەکان، لەسەر بوودجەی رێوڕەسمەکە دەبێت، بەڵام خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە بوودجەکەدا هیچ خەرجییەکیان بۆ دابین نەکراوە.

- مشتومڕەکانی تایبەت بە رێوڕەسەکە

مشتومڕەکانی تایبەت بەو بوودجە زەبەلاحەی بۆ رێوڕەسمەکە تەرخان دەکرێت، رۆژەڤی ژاپۆنی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

بەم شێوەیەش لە پاش جەنگی جیهانی دووەم و لە دوای یۆشیدا شیگێرو، دووەم گەورەترین رێوڕەسمی ناشتنی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بۆ شینزۆ ئابێ، ساز دەکرێت.

لە راپرسییەکی ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆنیدا کە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا ئەنجامیداوە، سەدا ٥٦ی بەشداربووانی راپرسییەکە ناڕازاین لەوەی حکوومەتی تۆکیۆ ئەو رێوڕەسمە بۆ ئابێ، ساز بکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ، رۆژی هەشتی تەمووز و لە کاتی چالاکییەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەی، لە کاتی وتارداندا لە پشتەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.