بەرھەم ساڵح و مستەفا کازمی جەختیان لە دیالۆگی جیددی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایانگەیاند کە گرنگە لە رێگای دیالۆگی جیددیەوە، رێگاچارەی گونجاو بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەکان بدۆزرێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە کە بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی.

راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، باس لە پرسە گرنگەکانی پەیوەست بەبارودۆخی گشتیی عێراق کراوە، بەتایبەتی قەیرانی سیاسیی و لێکەوتەکانی و جەختکراوەتەوە لە گرنگی پتەوترکردنی دیالۆگی جیددی لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەکان، بە رەچاوکردنی دۆخی ناھەمواری وڵات و داواکارییەکانی ھاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لە پێویستی بەھێزکردنی سازان و یەکھەڵوێستی ناوخۆیی، کاری ھاوبەش لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان رووەو کۆتایی ھێنان بەو قەیرانەی ئێستا بەرۆکی وڵاتی گرتووە و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە سیاسیی، ئابووریی، داراییەکان و ھێنانەئاراوەی بەرکەوتەکان و پتەوترکردنی ئاسایش، ئارامی و پاراستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی.

ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە، بەھۆی بەردەوامی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، عێراق بەرەوڕووی قەیرانێکی سیاسیی بووەتەوە کە تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.