ژمارەی قوربانییانی پێکدادانەکانی تەرابلوس پایتەختی لیبیا گەیشتە نزیكی 200 کەس

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ژمارەی قوربانییانی پێکدادانەکانی نێوان دوو گرووپی چەکدار لە تەرابلوس پایتەختی لیبیا، گەیشتە ٣٢ کوژراو و ١٥٩ بریندار.

وەزارەتی تەندروستیی لیبیا بڵاوی کردەوە لە ئاکامی پێکدادانەکەی بەیانیی دوێنێ کە لەنێوان دوو گرووپی چەکدار لە رۆژئاوای تەرابلوس روویدا، ٣٢ کەس کوژراون و ١٥٩ی دیکەیش برینداربوون.

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە ١٠٢ کەس لەو بریندارانە لە نەخۆشخانەدا لە ژێر چارەسەری پزیشکی دان.

دوای پێکدادانەکانی دوێنێ کە لە شارەکەدا روویدا، ئەمڕۆ بێدەنگی باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە.

سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی، عەبدولحەمید دبەیبە دوێنێ شەو دوای ئارامبوونەوەی ناوچەکە، بە سەردانێک گەیشتە ئەو شوێنەی کە پێدادنەکان تێیدا روویدابوو و لە نزیکەوە بە دواداچوونی بۆ دۆخەکە کرد.

دبەیبە هەروەها دوای رووداوەکە نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ، داواکاری گشتیی و هێزە پەیوەندیدارەکان کرد و تێیدا فرمانی کرد دەستبەجێ بۆ دەستگیردنی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە پێکدادانەکاندا هەبووە رێکاری پێویست بگیرێتە بەر.

بەیانیی دوێنێ پێکدادانەکان لەنێوان "لیوای ٧٧٧"ی سەربە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای لیبیا کە بەوە ناسراوە لە فەتحی باشئاغاوە نزیکە کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران لە تۆبروک وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان کراوە، لەگەڵ "یەکێتیی پشتیوانی سەقامگیریی" سەربە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی لیبیا لە ناوچەکانی بین گاشیر و سرێم دەستیان پێ کرد و دواتر تەشەنەیان سەند بۆ شەقامی کۆماریی و ناوچەکانی سەنتەری شارەکە.