دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بایربۆک رایگەیاند کە تا کاتێک ئۆکراینا پێویستی بە هاوکاری هەبێت، هاوکاری سەربازیی و دارایی دەکەن.
بایربۆک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "بیلد ئام سۆنتاگ"، باسی لەوە کرد کە پێویستە ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئەوە بکرێت کە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، چەند ساڵێکی دیکە درێژە بکێشێت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەتی مۆسکۆ، وازی لە هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئۆکراینا نەهێناوە، بەڵام چاوەڕوانییەکانی ڤلادیمیر پوتین-یش بۆ بەخێرایی کۆنترۆڵکردنی ئۆکراینا، نەهاتووەتەدی.
ئانالێنا بایربۆک جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی خواستەکەی ڤلادیمیر پوتین نەیەتەدی و گوتی: "بێگومان دەمەوێت جەنگ بەزووترین کات تەواوبێت، بەڵام بەداخەوە ناچارین وا بخەمڵێنین کە ئۆکراینا، هاوینی داهاتووش پێویستی بەوەیە چەکی قورسی دیکە لە دۆستەکانی وەربگرێت. لای من ئەوە ئاشکرایە کە ئۆکراینا، هاوکات بەرگری لە ئازادی و ئاشتی ئێمە دەکات، لەبەرامبەریشدا ئێمە پشتیوانی دارایی و سەربازیی پێشکەشی ئۆکراینا دەکەین".
بایربۆک تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە تا کاتێک پێویس تبێت هاوکاری ئۆکراینا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە کاتێک سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆتایی بە بۆردومانکردنی کەسانی بێتاوان بهێنێت و تانکەکانی بکێشێتەوە، دەکرێت ئاگربەست رابگەیەندرێت، سەرۆکی رووسیاش لە هەر ئان و ساتێکدا دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات.
ئانالێنا بایربۆرک باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی چەکی قورسی بۆ ئۆکراینا دابین کردووە و گوتی: "لەوە تێدەگەم کە ئۆکراینییەکان داوا دەکەن بەشێوەیەکی خێراتر چەکی زیاتریان پێبدرێت، بەڵام لەئێستادا ئەوەندە چەک لە عەمبارەکانماندا نییە کە بتوانێت بڕی پێویستی چەک دابین بکات".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختیشی لەوە کردەوە کە سوپای ئەڵمانیا ئامادەیی ئەوەی هەیە بەرگری لە هەموو کوچەیەکی خاکی ناتۆ بکات.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە نیمچە دوورگەی کریمیا خاکی ئۆکراینایە و هیچ کاتێک جیهان دانی بەو داگیرکارییەدا نەناوە کە لە ساڵی ۲۰۱٤دا بۆسەر خاکی ئەو نیمچە دوورگەیە ئەنجامدرا.