ئۆکرانیا: 'ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دەوری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا بۆردومان کراوە'

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی شارەوانی شاری ئێنیرگۆدار سەربە ناوچەی زاپۆریژییا باشووری ناوەڕاستی ئۆکراینا، دمیتری ئۆرلۆڤ رایگەیاند کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دەوری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا بۆردومان کراوە و بەپێی ئامارە بەراییەکان، ١٠ کەس برینداربوون.

دمیتری ئۆرلۆڤ لە هەژماری خۆی لە تیلیگرام بڵاوی کردەوە، 'قەزاکانی سێ، چوار و پێنجی شاری ئێنیرگۆدار لەژێر هێرشدان. بەپێی ئامارە بەراییەکان، ١٠ کەس برینداربوون. شووشەی پەنجەرەی خانووەکان شکاون. ئۆتۆمبێلە پارککراوەکان سووتاون'.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دمیتری ئۆرلۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری ئۆتۆمبێلە سووتاوەکانن.

دمیتری ئۆرلۆڤ باسی لەوە کرد کە داگیرکەرانی رووسیا بۆ ئەوەی ئۆکراینا بەرپرسیار بکەن لەو هێرشەی کراوەتە سەر ناوچەی دەوروبەری شاری ئێنیرگۆدار، دەستیان کردووە بە واژوو کۆکردنەوە لە خەڵکی ناوچەکە و، رایگەیاندووە:

'داگیرکەرانی رووسی نامەیەکیان بۆ نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئامادەکردووە کە زانیاری ناڕاستی لەخۆگرتووە. بەگوێرەی بانگەشەکە واژوو لە خەڵکی ئێنیرگۆدار کۆدەکەنەوە لە چوارچێوەی بەیاننامەیەک کە تیایدا داوای راگرتنی بۆردومانکردنی دەوری وێستگە ئەتۆمییەکە دەکەن لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە'.

لەم نێوەندەدا، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، ئاندرێ ئیرماک ئاماژەی بەوە کرد کە پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە رێگەدان بەرەو وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا.

ئاندرێ ئیرماک سەبارەت بە هێرشەکانی دەوری وێستگەکە، رایگەیاند 'رووسەکان بۆردومانی ئێنیرگۆدار-یان کرد. هەوڵی ئیستیفزازکردن دەدەن و جیهان هان دەدەن'.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا لە راگەیه‌ندراوێکیدا زانیاری سەبارەت بە زیانەکانی سوپای رووسیا لە ئۆكراینا لە ٢٤ شوبات-٢١ی ئاب بڵاوکردەوە.

لە راگەیه‌ندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە سوپای رووسیا تێکڕا ٤٧ هەزار و ١٠٠ سەربازی کوژراون و ٢٣٤ فڕۆکە، ٢٠٣ هێلیکۆپتەر و هەزار و ٩٤٧ تانک، چوار هەزار و ٢٦٩ زرێپۆش، هەزار و ٦٠ تۆپهاوێژی لەدەستداوە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا سێ هەزار و ١٨٨ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، ١٥ کەشتی و بەلەمی نیمچەخێرا و ٨٤٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان تێکشکێندراوە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ٢٥ی ئاداری رابردوو رایگەیاند، هەزار و ٣٥١ سەربازیان لە ئۆکراینا کوژراون.

هاوکات سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا بڵاوی کردەوە کە لەو جەنگەی لە ٢٤ی شوباتەوە سەریهەڵداوە، نزیکەی نۆ هەزار سەربازی ئۆکراینی گیانیان لەدەستداوە.