دیجیتال میدیای سپێده
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران بدات.
رۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی رایگەیاندبوو کە رۆژی ٣٠ی مانگ دانیشتنی تێڕوانین لەبارەی ئەو سکاڵایەوە ئەنجام دەدات کە لەلایەن رەوتی سەدرەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کراوە.
رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ سەرکردەی رەوتی موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی کرد کە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
رۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لەبارەی داواکارییەکەی موقتەدا سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، رەوتی سەدر سکاڵایەکی پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کرد کە تیایدا داوا دەکات، ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە.
لە سکاڵاکەی رەوتی سەدردا کە لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کراوە باس لە تێپەڕبوونی وادە دستوورییەکان کراوە لەوەی تا ئێستا سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێراوە، ھەروەھا حکوومەتی نوێیش پێکنەھێنراوە.
دوێنێ دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، رەوشی عێراق بەتایبەتیش بەغدای پایتەخت شڵەقا، ئەوەیش دوای ئەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر کۆشکی کۆماریی و بارەگای ئەنجوومەنی وەزیران لە ناوچەی سەوز کە دواتر پێکھەڵپڕژان لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا.
پاشان پێکھەڵپڕژانەکە، بووە ھۆی پێکدادان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان کە بەھۆیەوە تا ئێستا، ٣٠ کەس کوژراون و ٧٠٠ی دیکەیش برینداربوون کە ١١٠یان کارمەندی ئەمنیین.
دوێنێ دووشەممە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر وازھێنانی یەکجاری خۆی لە کاری سیاسیی راگەیاند.