سبه‌ی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌   پەرلەمانی كوردستان سبەی پێنجشەممە كۆدەبێتەوە و بڕیارە خوێندنەوەی یەكەم بۆ دوو پڕۆژە یاسا بكرێت.   پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەندراویكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە،"د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌كانی په‌رله‌مان دەکات بۆ دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان - عێراق، له‌ كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆ ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكه‌وتی 1-9-2022".   بەپێی راگەیەندراوەكە، بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:   یه‌كه‌م: یەك دەقیقە بێ دەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی.   دووه‌م: كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (7)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.   سێیەم: وتەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ــ عێراق.   چوارەم: وتەی بەڕێزان سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەبۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق، لە (5) پێنچ خولەك زیاتر نەبێت.   پێنجەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژە یاسایانەی خوارەوە، پشتبەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (78) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:   پڕۆژە یاسای (كار لە هەرێمی كوردستان - عێراق).   پڕۆژە یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008).