رێکخراوی پەیامنێران پێشێلکاری بەرامبەر بە كه‌ناڵی سپێده‌ ئیدانه‌ دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

رێکخراوی پەیامنێران پێشێلکاری بەرامبەر بە كه‌ناڵی سپێده‌ لەشاری هەڵەبجە ئیدانه‌ دەکات

رێکخراوی پەیامنێرانی كوردستان لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایگەیاند: کاتژمێر 11و پێنج خولەکی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ‌31ی 8ی 2022 لەکاتی ڕووماڵی ناڕەزایی بەشێک لە خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی و چالاکوانانی مەدەنی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، وەک ئەرکی ڕۆژنامەنوسی ڕاستەوخۆ رۆژنامه‌نووسان ڕووماڵیان دەکرد، لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوورەوە تیمی كه‌ناڵی ئاسمانی (سپێده‌) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ پێكهاتبوون له‌ (عیرفان ئەحمەد- پەیامنێر، موختار حەبیب- وێنەگر) پەلاماردران، چەند جارێک هەوڵیاندا ڕاستەوخۆکه‌یان ببڕن، به‌ڵام لە ڕووماڵكردنیان هەر بەردەوامبوون.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لە ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان، بە توندی ئیدانەی ئەو رێگریکردنە دەکەین، رێگریکردن، لەکاتی ئەرکەکانیاندا بۆته‌ دیاردەیه‌كی ترسناك و ئەمجۆرە رووداوانە، بەرتەسککردنەوەی کاری ئازادی راگه‌یاندنه‌و خزمەت بە پرۆسەی ئازادی لە ھەرێمی کوردستان ناکات.