سەندیكای ڕۆژنامەنووسان: سەرکۆنەی پەلاماردانی كەناڵی سپێدە دەكەین

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

لەبارەی ڕێگریكردنی ئەمرۆ لە كەناڵی سپێدە لە هەڵەبجە، لقی هەڵەبجەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕاگەیەنراوێك بڵاوكردەوە

لقی هەڵەبجەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایگەیاند: ئەمرۆ ٢٠٢٢/٨/٣١ لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی دەرچوانی دانەمەزراو لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دژی لیستی راگەیەنراوی کاندیدانی دامەزراندنی میلاک بۆتەندروستی هەڵەبجە، هێزێکی ئەمنی لەکاتی پەخشی راستەوخۆدا هێرشیان کردوەتە سەر تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و رێگری روماڵیان لێکردوون.

ئاماژەی بەوەشكردوە: ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان رێگری کردن لەکاری میدیایی پێچەوانەی یاسایە و بەرتەسککردنەوەی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕینە.

ئەوەشی خستەڕوو: بۆیە وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو پەلاماردانە، داواکارین لەلایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵەی یاسایی لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بکەن لەکاتی رووداوەکاندا و ئەم جۆرە رووداوانە دووبارە نەبنەوە.