هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دهڵێ، لەبارەی ژمارەیەك پرسی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دارایی و سیستەمی بانكییەوە، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی بانكەكانی هەرێم كۆدەبنەوە.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەكو لیژنە لەگەڵ وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی بانكەكانی كوردستان كۆببینەوە، كە پێشتر بڕیار بوو ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدەین، بەڵام لەسەر داوای وەزیری دارایی دوا خرا كە ویستی بە زانیاریی زۆرەوە بێتە پەرلەمان".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: "ماوەیەك لەمەوبەر داوامان كردبوو وەزیری دارایی بێتە لیژنەی دارایی، بۆ ئەوەی روونكردنەوە لەسەر سیستەمی بانكەكان لە هەرێمی كوردستان بدات، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی لە بەردەستە و كاری لەسەر دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان، كە لەسەر ئەو پرسە و چەند پرسێكی تر پرسیارمان هەیە، لەوانە چۆنیەتیی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە و، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش بە كوێ گەیشتووە، بە تایبەت لەبارەی بودجەوە كە وەزیری دارایی یەكێك بوو لە ئەندامانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا".
كاكەیی دەشڵێت: "ژمارەیەك پرسیاریشمان لەبارەی خاڵە گومرگییەكانەوە هەیە، دەشمانەوێت بزانین وەزارەتی دارایی و چاودێریی دارایی تا چەند هەماهەنگییان لە نێواندا هەیە، جگە لەوەش، دەمانەوێ لە رێگەی پرۆژەی چاكسازییەوە دەستەیەكی نیشتیمانی بۆ خانەنیشی پێك بێت، بۆ ئەوەی هەموو خانەنشینییەكان بكەین بە یەك و، سندووقی خانەنشینیش كارا بكرێتەوە، ئەمانەش هەمووی لە رێگای وەزارەتی داراییەوە دەكرێت و دەبێت ڕۆڵێكی گرنگیان هەبێت".
نەشوان بەرزنجی