تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان: داواکارین زیندانیانی بادینان مانگرتنەکەیان بشکێنن

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا تیمی پارێزه‌رانی زیندانیانی بادینان رایده‌گه‌یه‌نێت،" ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئێستا لەناو چاکسازی گەورانی ھەولێر سزا لەسەر گیراوانی بادینان و مانگرتوەکانی تر بەردەوامە".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌،"بۆیه‌ لەبەر پاراستنی دۆخی تەندروستیان و وەکو پرسێکی مرۆڤایەتی داواکارین زیندانیانی بادینان مانگرتنەکەیان بشکێنن".

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

ڕای گشتی ھەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگادارن کە رۆژنامەنوس و چالاوانانی بادینان لەسەر بیرورای ئازاد و پیشەی رۆژنامەوانی سزادراون، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئێستا لەناو چاکسازی گەورانی ھەولێر سزا لەسەر گیراوانی بادینان و مانگرتوەکانی تر بەردەوامە، بۆیە لەبەر پاراستنی دۆخی تەندروستیان و وەکو پرسێکی مرۆڤایەتی داواکارین زیندانیانی بادینان مانگرتنەکەیان بشکێنن، بۆ پاراستنی مافەکانیان رەوانەی چاکسازی سلێمانی بکرێن، ئەم چەند خالە لەسەر پرسەکە دەخەینە روو:

یەکەم: پێویستە رێکارە ئیداریەکان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی بادینان بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی بکرێت، کە داواکەیان پێشکەشی بەرێوەبەرایەتی چاکسازی ھەولێر کردووە، ئەمەش مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە.

دووەم: بە حوکمی ئەوەی ئەو لایەنە سیاسیەی لەپشت سزادانی زیندانیانی بادینان لە ھەولێر بەسەر ھەموو دامەزراوەیەکدا زاڵە، دەیان جار ئەو گیراوانە سزادراون، بێ بەشکراون لە چەندین مافی سەرەتاییان.

سێییەم: بە بیانوی جیاواز و نا مەنتقی رێگێری لە پارێزەران و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوری دیکە دەکرێت سەرەدانی سزادراوانی بادینان بکەن.

ھیوادارین لە لایەنی پەیوەندیدار رێگربن لە سزادانی زیندانیانی بادینان و وەکو پرسێکی یاسایی و بەپێ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان
١ی ئەیلۆلی ٢٠٢٢