دیجیتاڵ میدیای سپێده
تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی گەیشتنە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیادایە.
میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سەرۆکایەتی رافایێل ماریانۆ گرۆسسی بەمەبەستی چوونە ئەو ناوچانەی ئۆکراینا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادان بە خاڵی پشکنینی ناوچەی ڤاسیلیەڤکادا تێپەڕیوون.
تیمەکە بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا، گەیشتوونەتە ناوچەکە.
کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی دەوڵەتی ئۆکراینا "Energoatom"یش لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاری داوە لەبارەی گەیشتنی تیمەکە بە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا.
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیی ئەورووپایە و دەکەوێتە باشووری ناوەڕاستی ئۆکراینا و لە چواری ئاداری ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە دەستی بەسەردا گیرا، ئێستا وێستگەکە لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە و پێکدادان لە دەوروبەری بەردەوامە.
ئۆکراینا و رووسیا لەبارەی هێرشەکانەوە بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا، یەکتر تۆمەتبار دەکەن.