دیجیتال میدیای سپێده
ئەندازیاری میکانیکی، حوسێن عەبدولوەهاب کە بەڕەچەڵەک عێراقییە نموونەی سەرەتایی هەستەوەرێکی دروست کردووە کە سێ خولەک پێش روودانی بوومەلەرزە، ئاگاداری بکات.
حوسێن عەبدولوەهاب کە لە بەغدای پایتەخت دەژێت و لە ساڵی ٢٠١٨وە لە کاری لەسەر پەرەپێدانی هەستەوەری بوولەرزە کردووە، دوای سێ ساڵ کارکردن ئامێرێکی درووست کردووە کە دەتوانێت سێ خولەک پێش روودانی بوومەلەرزە، ئاگاداری بڵاو بکاتەوە.
هەستەوەرەکە کە لە چەندین پێشبڕکێی نێوخۆیی بەشداریی پێکرا و پلەی بەدەستهێناوە، بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی عێراق لە پێشانگای "TEKNOFEST KARADENİZ" کە لە تورکیا لەلایەن تیمی وەقفی تەکنەلۆژیای تورکیا (T3 Vakfı) و وەزارەتی پیشەسازیی و تەکنەلۆژیا لە فڕۆکەخانەی چوارشەممە لە پارێزگای سامسون باكووری توركیا بەڕێوەدەچێت، بەشداری دەکات.
ئەندازیار حوسێن عەبدولوەهاب لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بوومەلەرزانەی کە لە کاتی جیاواز و لە وڵاتە جیاوازەکاندا روودەدەن، گیانلەدەستدانی چەندین کەسی لێدەکەوێتەوە.
عەبدولوەهاب، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش لە روودانی بوومەلەرزەکە ئاگادار بکرێتەوە ئەوە بۆ ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە و گوتی: "نموونەی سەرەتایی هەستەوەری بوومەلەرزەکەمان بۆ TEKNOFEST هێنا. کارەکانمان لەسەر پەرەپێدانی هەستەوەرەکە بەردەوامە. بە بەردەوامی کار لەسەر نموونەی یەکەم دەکەین و پەرەی پێدەدەین. زۆر گرنگە کە سێ خولەک پێش بوومەلەرزەکە زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدات".
ئەندازیارە عێراقییەکە، جەختی لەوە کردەوە کە ئاگادارکردنەوەی خەڵک بەر لە روودانی بوومەلەرزە ژیانی هەزارانی رزگار کردووە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئامێری هەستەوەری بوومەلەرزە زۆر بچووکە ئەوە دەتوانرێت لەنێو هەموو باڵەخانەیەک جێگیر بکرێت. بەمشێوەیە ئەو کەسانەی لە نێو باڵەخانەکەدا دەژێن پێش چەند خولەکێک لە روودانی بوومەلەرزەکە ئاگادار دەکرێنەوە و دەتوانن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن".